ئیلام؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و نادیاریی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کورد
هەنگاو؛ شەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئاسماناوا سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی عەلیڕەزا قاسمنژاد، ئارمین ئەسەدیان و ئەحمەدرەزا کۆهزادیانی، لە ١٧ ڕۆژ پێشەوە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی گوڵانی ٢٧٢٦، (٢١ی مەی ٢٠٢٦) عەلیڕەزا قاسمنژاد، ئارمین ئەسەدیان و ئەحمەدرەزا کۆهزادیانی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاسماناوا، لە کاتی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان بەبێ هەبوونی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کران.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانەدا، تا ئێستا هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکانیان نەبووە و لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەمبارەیەوە بێئاکام ماوەتەوە.