بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاریی لە چارەنووسی ڕەزا ڕەجەبی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز
هەنگاو؛ شەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوتوویە بەسەر دەستبەسەرکرانی ڕەزا ڕەجەبی، هاووڵاتیی کورد و لە کاسبکارانی بازاڕی شاری سەقز لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە، هێشتا هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە پاڵدراوەکانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەزا ڕەجەبی لە سەرەتاکانی پووشپەڕی ٢٧٢٦، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری یان ڕێسایەکی یاسایی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوام و ڕۆژانەکانی بنەماڵەی ڕەجەبی لە ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان لە سەقز، بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هیچ جۆرە وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو نەداوە.هەر ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی کەسوکارەکەی.
تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتە پاڵدراوەکانی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئەم هاووڵاتییە بەدەست نەهاتووە.