تاران؛ دەستبەسەرکرانی دووبارەی عەلی‌ ئەسغەر ئەحمەدپەناه، هاووڵاتیی تەمەن ١٩ ساڵی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٢١:٢٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕی ۲۷۲۶

عەلی‌ ئەسغەر ئەحمەدپەناه، هاووڵاتیی تەمەن ١٩ ساڵی کورد، خەڵکی شاری بیجاڕ و دانیشتووی تاران، دوو حەوتوو پێش، دوای بانگکران و ئامادەبوون لە ناوەندێکی دادوەریدا دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە (فەشافوویە) گواسترایەوە. ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار بۆ ماوەی سێ مانگ دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (٢٧ی ژۆئەنی ٢٠٢٦)، عەلی‌ ئەسغەر ئەحمەدپەناه، دوای بانگکران و سەردانی یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی تاران، دەستبەسەر کرا و ئێستا ماوەی ١۵ ڕۆژە کە لە بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگیراوە. تا ئێستا زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.

عەلی ئەسغەر ئەحمەدپەناە تووشی نەخۆشیی فێیە و ژیانی ناوبراو پەیوەست بە بەکارهێنانی بەردەوام و ڕۆژانەی حەبەکانییەتی. بەهۆی پێشینەی بێبەشکردنی ناوبراو لە دەرمانەکانی لە ماوەی دەستبەسەرکرانی پێشوویدا و بارودۆخی نەگونجاوی تەندروستی و دەرمانی بەندیخانەی تارانی گەورە، کەسوکار و بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە سەبارەت بە نەخۆشی و کەوتنە مەترسیی تەندروستیی جەستەیی ناوبراو نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.

شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە تەمەن ۱۹ ساڵە، پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ۱۸ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۸ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، لە ڕەوتی ناڕەزاییەکان لە شاری تاران لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لەو دەستبەسەرکرانەدا کە ۳ مانگی خایاندبوو، لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان بە سەختی لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی داندرابوو و لەئاکامدا بە دانانی بارمتەی ۳ ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە