ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار؛ ئەبوولفەزڵ ئازادی قارەمانلوو هاووڵاتیی کورد سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی پرۆسەی سەپاندنی سزای ئەمنی بۆ هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، ئەبوولفەزڵ ئازادی قارەمانلوو، گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵی کورد و خەڵکی شاری دەڕگەز لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، بە ٥ ساڵ بەندکران سزا دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەم دواییانە ئەبوولفەزڵ ئازادی قارەمانلوو گەنجی خەڵکی دەڕگەز لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی قووچانەوە بە ٥ ساڵ بەندکران سزا دراوە کە ٤ ساڵی هەڵپەسێردراوە و ١ ساڵی پێویستە جێبەجێ بکرێت.
هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، ئەبوولفەزڵ ئازادی قارەمانلوو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٥ی ژانویەی ٢٠٢٦) لە کاتی شەپۆلی دەستبەسەرکردنە بەرفراوانەکاندا دەستبەسەر کرا.
ناوبراو دوای تێپەڕاندنی نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەرکران و لێپرسینەوە لە ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگایی ئازاد کرابوو و لە ئێستادا بە دانانی بەڵگەنامە ئازادە.