یاسر ڕێحانی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بجنۆرد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
یاسر ڕێحانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بجنۆرد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایان دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٢ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران و لێدانی ٨٠ قامچی و پێبژاردنی سزای نەقدیی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، یاسر ڕێحانی، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی بجنوورد سزای ٢ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران، لێدانی ٨٠ لێدانی قامچی و پێبژاردنی سزای نەقدی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم هاووڵاتییە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤، لە کاتی هێرشی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.
ناوبراو لە کۆتاییدا دوای مانگێک دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە بەندیخانە ئازاد کرا.