بۆکان؛ سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر سروە شیری و پەیمان شیری
هەنگاو؛ شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سروە شیری و پەیمان شیری، خوشک و برای خەڵکی گوندی "تەرەغە"ی سەر بە شاری بۆکان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو خوشک و برایە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەگەڵ ئامۆزایەکیان بەناوی فەردین شیری دەستبەسەر کرابوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سروە شیری تەمەن ٢٢ ساڵ و براکەی پەیمان شیری تەمەن ١٩ ساڵ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت و بە قازانجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزا دران. بەپێی ئەو سزایە سروە شیری بە٨ مانگ بەندکران و پەیمان شیری بە ٦ مانگ بەندکران مەحکووم کراون.
سروە و پەیمان شیری ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، لەگەڵ ئامۆزاکەیان بەناوی فەردین شیری لە لایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەرییەوە دەستبەسەر کرابوون و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات گواسترابوونەوە و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنیان ئازاد کران.
شایانی باسە کە ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش کرابوون.