بەردەوامیی دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی دۆسیەی سەلام بەهرامی و سەروەر بەهرامی لەبەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان

٢٩ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٤:٠٨

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی سەلام بەهرامی و سەروەر بەهرامی، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەریوان، هێشتا بە شێوەیەکی ناڕوون و بەبێ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان لە بەندی ئەمنیی بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (بەندیخانەی دێزڵاوا) ڕاگیراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٩ی مارسی ٢٠٢٦)، سەلام بەهرامی و سەروەر بەهرامی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان لە سەر ڕێگای ڕوانسەر بۆ کرماشان لە ڕۆیشتندا بوون، لە بۆسەیەکی سەر شەقامدا لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کران و دەستبەجێ بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیی بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان گواستراونەتەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ماوەی دوو مانگی تەواو لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەشی ئەمنیی بەندیخانەی دێزڵاوا، لەژێر قورسترین لێپرسینەوەدا بوون و لەو ماوەیەدا لە هەر جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی، چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی سەربەخۆ بێبەش کرابوون. ئەوان دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە سەرەتاییەکان، لەم دواییانەدا بۆ بەشی گشتیی هەمان قۆناغی ئەمنی گواستراونەتەوە، بەڵام کماکان بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتییان بۆ درێژ دەکرێتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە دامەزراوە ئەمنییەکان تۆمەتی پاڵدراو بەم دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەت" ڕاگەیاندووە؛ تۆمەتێکی باو وهەمیشەیی کە بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ سەرکوتی هاووڵاتییان و چالاکوانان لە کوردستاندا بەکاردێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە