قوروە؛ ندا ددەجانی و ستایش سەرابی دوو چالاکی کورد سزای بەندکران، لێدان به قامچی و دوورخستنەوەیان بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
ندا ددەجانی و ستایش (بێهنووش) سەرابی، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی قوروە و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایان دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە کۆی گشتی شەش ساڵ بەندکران، چوار ساڵ دوورخستنەوە بۆ نیکشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و لێدان بە ٦٢ قامچی سزادران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەر یەک لە ندا ددەجانی، هونەرمەند و بووکەڵەگێڕ و ستایش سەرابی، لەلایان لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ئەم شارە هەر یەکەیان بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی» سزای ساڵێک بەندکران، ٣١ لێدانی قامچی و ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ نیکشاریان بەسەردا سەپێندرا.
ئەم دوو هاووڵاتییە هەروەها بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆ» لەلایان لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی قوڕوەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا و بە گشتی سزای سێ ساڵ بەندکران، ٣١ لێدانی قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ نیکشاریان بەسەردا سەپێندرا کە دوو ساڵی جێبەجێ دەکرێت.
ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەلایان هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون.
جێگەی ئاماژەیە کە، ندا ددەجانی لە هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی ناوچەیی کەمئەنداماندا خەڵاتی هەڵبژێردراوی بووکەڵەگێڕی و خەڵاتی یەکەمی دیزاین و دروستکردنی بووکەڵە بەدەست هێنا و پێشینەی هاوکاری وەکوو دیزاینەری جلوبەرگ و گریم لە شانۆشدا هەیە.