ئیقباڵ زارعی ١٠ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەقز سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ماوەی ١٠ ڕۆژە کە مانی لە خواردن گرتووە.

٣ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٣:٣٣

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەقز سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ماوەی ١٠ ڕۆژە کە مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیقباڵ زارعی، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ڕاگیراوە،لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێ نەکرانی فەرمانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی کە داوای بەخشینی ماوەی حوکمەکەی کردبوو، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستی خستووەتە ناو کەیسی ئیقبال زارعی و ئیزن نادات کە ماوەی حوکمەکەی بکەوێتە بەر لێبوردن و تەنانەت گوشاریشی خستووەتە سەری کە دەبێ واز لە مانگرتن بهێنێت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە، ئیقباڵ سوورە لە سەر مانگرتنەکەی و ڕایگەیاندووە هەتا داواکارییەکانم جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنی خۆم دەدەم.

ئیقباڵ زارعی تەمەن ٣٥ ساڵ و خێزاندارە، کە ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧١٦ (٩ی ژوئیەی ٢٠١٦)  لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و دواتر تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو خەڵکی گوندی خۆشەدەرەی سەقزە و لەکاتی دەستبەسەر کرانیەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە