ڕاپۆرتی حەفتانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان
هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.
هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٦ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی هەینی ٣ خەزەڵوەر هەتا ڕۆژی هەینی ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧١٩، لانیکەم ٢٦ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛
کۆڵبەران (٣ حاڵەت)
لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و ٢ کۆڵبەریش لە سنوورەکانی پاوە و بانە بریندار بوون.
دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (١٠ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنییەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ٤ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی و مەزهەبی حوکمی ١٣ سال بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
مین (١ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە هۆی تەقینەوی مین لاقێکی لە دەست داوە.
خۆکوشتن و کوژرانی ژنان ( ٧ حاڵەت)
لە حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٦ کەس لە شارەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە دوو کەسیان ژن بوون.
هەروەها کچە خوێندکارێکی خەڵکی کامیاران لە باکووری ئێران کوژراوە.
کرێکاری ( ٥ حاڵەت)
لەو ماوەیەدا پێنج کرێکاری خەڵکی شارەکانی بانە، سەقز، سەردەشت، بۆکان و هەرسین لە کاتی کار و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.