لە ١٤ شاری کوردستان خەڵک هاتنە سەر شەقام و هێزەکانی حکوومەت تەقەیان لە خەڵک کرد

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ چەندین شاری دیکەی ئێران، خەڵکی شارەکانی کوردستانیش بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین هاتنە سەر شەقام کە دوا

٢٥ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٦:٢٥

 

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ چەندین شاری دیکەی ئێران، خەڵکی شارەکانی کوردستانیش بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین هاتنە سەر شەقام کە دوای دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان بشێوی لێکەوتەوە و چەندین کەس بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕؤ شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٩)، خەڵکی کورد لە ١٤ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە هاتنە سەر شەقام و بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ٢٠٠٪ی نرخی بەنزین ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، خەڵک لە شارەکانی ئیلام، کرماشان، سەرپێڵی زەهاو، ئیسلام ئاوا، گیەلان، جوانڕۆ، کامیاران، سنە، مەریوان، سەقز، بۆکان، میاندواو ، ئورمیە و سەڵماس هاتوونەتە سەر شەقام.

لە شارەکانی سنە و کرماشان هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خەڵک کردووە، سەرچاوەیکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان لە شاری سنە لانیکەم ٢ کەس و ل شاری کرماشانیش لانیکەم ٥ کەس بریندار کراون. چەند سەرچاوەیەکیش باسیان لەوە کردووە کە یەکێک لە خۆپێشاندەران لە بەر دەرگای زانکۆی ئازادی شاری سنە کوژراوە، بەڵام هەتا ئێستا هەنگاو ناتوانێت ئەو زانیاریە پشتڕاست بکاتەوە.

لە سنە لانیکەم ١٠ کەس لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی ئەو شارە گوازراونەتەوە.

هەروەها، لە شارەکانی سنە و کرماشان زیاتر لە ١٠ کەس دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەیان بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

بۆ بینی ڤیدیۆی خۆپێشاندانەکان دەتوانن سەردانی تویتەری هەنگاو بکەن.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە