هەنگاو ناسنامەی شەشەمین گیانبەختکردووی جوانڕۆ ئاشکرا دەکات
هەنگاو: لە دوو رۆژی ڕابردوو لە شاری جوانڕۆ لانیکەم ١٥ هاووڵاتی لەکاتی ناڕەزایەتی دەربڕین گیانیان لەدەستداوە و دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون.
هەنگاو: لە دوو رۆژی ڕابردوو لە شاری جوانڕۆ لانیکەم ١٥ هاووڵاتی لەکاتی ناڕەزایەتی دەربڕین گیانیان لەدەستداوە و دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی سپای پاسداران، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ٢٦ و ٢٧ی خەزەڵوەر، سپای پاسداران لە شاری جوانڕۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە و لانیکەم ١٥ هاووڵاتی لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا گیانیان لە دەست داوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ناسنامەی دوو کەسی دیکە لە گیانبەختکردوانی جوانڕۆ بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە، “جەبار تجارە” کوڕی ڕەحمان تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و "یونس هوشەنگی" کە ڕۆژی شەممە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیە لەدەست داوە.
بەم پێیە تا ئێستا ناسنامەی ٦ کەس لە گیانبەختکردوانی جوانڕۆ تا ئێستا بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە بە شێوەی خوارەوەیە:
١_ کاوە محەمەدی ٢_ حەمزە نەقدی ٣_ئیبراهیم مورادی ٤_ موبین عەبدوڵڵاهی ٥_ یونس هوشەنگی ٦_ جەبار تجارە
بە وتەی سەڕچاوەکانی هەنگاو، تەرمی هیچ کام لە گیانبەختکردووەکان تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.
هەواڵنێری هەنگاو لە جوانڕۆ ڕایگەیاند لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا زیاتر لە ٦٠ کەس لەو شارە بریندار بوون کە دوو کەسیان بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک بە سەریان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
هەروەها زیاتر لە ٤٠ کەس لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا ناسنامەی دوو کەس لەوان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.