چالاکێکی سیاسی کورد لە تورکیا مەترسی دیپۆرتکرانەوەی لەسەرە

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کورد کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر کرابوو، مەترسی دیپۆرتکرانەوەی لەسەرە.

٤ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٣:٤٥

 

هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کورد کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر کرابوو، مەترسی دیپۆرتکرانەوەی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عادڵ بەهرامی، چالاکی سیاسی کورد کە ساڵی ڕابردوو لەکاتی ڕۆشتن بۆ ئەورووپا لە شاری ئانتالیای تورکیا دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێران، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئاگری لە باکووری کوردستان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان بە عادڵ بەهرامییان ڕاگەیاندووە کە بە زوویی بۆ ئێران دیپۆرت دەکرێتەوە.

عادڵ بەهرامی کە خەڵکی کامیاران و ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧١٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستبەسەر و ئەوە ساڵێکە بەندکراوە.

ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە باکووری کوردستان لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، پارلمانتارە کوردەکان بە مەبەستی ڕێگری کردن لە دیپۆرتکرانەوەی عادڵ بەهرامی هاتوونەتە سەر خەت و هەوڵەکانیان لەو پەیوەندییەدا دەست پێکردووە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین چالاکی سیاسی کورد لەلایەن وڵاتانی ئەورووپایی بۆ ئێران دیپۆرت کراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە و چەند کەسیان چارەنووسیان نادیارە.

هەر بۆیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو هەوڵەی حکوومەتی تورکیا مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو چالاکان و ناوەندەکانی ماف مرۆڤ دەکات کە هەموو هەوڵی خۆیان لەمەڕ ڕێگری کردن لە دیپۆرت کردنەوەی ناوبراو بخەنە گڕ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە