دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی کەم ئەندام لە شاری خۆی

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کەم ئەندام کە پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی سەر بە پارێزگای ئورمیە دەستبەسەر کراوە.

١٣ بەفرانبار ٢٧١٩، ٢٢:٠٧

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کەم ئەندام کە پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی هەیە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی سەر بە پارێزگای ئورمیە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١ی ژانویەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی سپای پاسداران لە بەخشی قوتوور سەر بە شاری خۆی هاووڵاتییەکی تەمەن ٣١ ساڵیان بە ناوی ”مەنووچێهر ئیبراهیمی“ کوڕی حوسێن بە بێ هەبوونی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە سەرچاوەکانی هەنگاو ناردوویانە، ناوبراو لاقێکی نیە و پێویستی بە چارەسەریی بەردەوامی پزیشکی هەیە. بەو حاڵەشەوە کەکاتی دەستبەسەر کرانی هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە شوێنی ڕاگیرانی بێ ئاکام ماوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە مەنووچێهر ئیبراهیمی بە گومانی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە حیزبێکی دژبەری حکوومەتی ئێرانە دەستبەسەر کراوە.

بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەمافەکانی مرۆڤ کە ئێرانش واژۆی کردووە و هەروەها یاسا نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، تۆمەتبار دەتوانێ دوای دەستبەسەر کران داوای پشکنین و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بکات، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران هیچ کات ئەو یاسایانە ڕەچاو ناکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە