دەستبەسەر کرانی سێ هاووڵاتی لە کرماشان، سایین قەڵا و ئورمیە

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شارەکانی سایین قەڵا، ئورمیە و کرماشان سێ هاووڵاتیی کور

٧ ڕێبەندان ٢٧١٩، ١١:٠٠

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شارەکانی سایین قەڵا، ئورمیە و کرماشان سێ هاووڵاتیی کوردیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کردووە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٠)، هاووڵاتیەکی خەڵکی کرماشان بە ناوی “ئەبولفەزڵ زاهید” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هاووڵاتییە هاوکات لەگەڵ ٧٤مین ساڵرۆژی دامەرزاندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هاوکات و هەمان ڕۆژ، هاووڵاتیەکی دیکەی خەڵکی ئورمیە بە ناوی “سەمیع عەلیزادە” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و چارەنووسی نادیارە.

لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتیەکی خەڵکی سایین قەڵا بە ناوی “مێهدی ئیسماعیلی” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هۆکار یا هۆکارەکانی دەستبەسەربوونی ئەو هاووڵاتییە کوردە تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە نادیارە و بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش هەوڵەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربونی لە چارەنووسی هیچ ئاکامێکی نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە