تورکیا چالاکێکی سیاسی دیکەی کوردی دیپۆرت کردووەتەوە

هەنگاو: حکوومەتی تورکیا پاییزی ئەمساڵ هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ئورمیەی کە پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی

١٨ ڕێبەندان ٢٧١٩، ١٣:٥٢

 

هەنگاو: حکوومەتی تورکیا پاییزی ئەمساڵ هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ئورمیەی کە پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئیران بووە، دیپۆرتی ئێران کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی “عادڵ موکەڕەم” لە کۆتایی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لە سنووری شاری خۆی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عادڵ موکەڕەم دوای ئەوەی دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی لەژێر لێپرسینەوە بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازراوەتەوە. ناوبراو دواجار بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە و ئێستا لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ناوەندە ئەمنییەکان تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی”یان خستووەتە پاڵ عادڵ موکەڕەم و لە داهاتوودا دانیشتنی دادگای ناوبراو بەڕێوە دەچێت.

عادڵ موکەڕەم پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و سەرەتای هاوینی ئەمساڵ چووەتە وڵاتی تورکیا و داوای پەنابەری کردووە. دیپۆرت کرانەوەی ناوبراو لەلایەن حووکەمتی تورکیا لە حاڵێکدا بووە کە داوای پەنابەرێتی ناوبراو بە فەرمی لەلایەن بنکەی کۆمیساریای بەرزی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی پەنابەران، تۆمار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە