هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی سیخوڕی حوکمی ١٦ ساڵی بەندکرانی بە سەردا سەپا

٢٨ ڕێبەندان ٢٧١٩، ٢٢:١٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە هاوینی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتانی دژبەر حوکمی بەندکرانی بە سەرسا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بە ناوی ”خوسرەو زەرستان“ کوڕی مەحیەدین، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دوو دادوەر بە ناوەکانی ”شەیخلوو و نەجەف زادە“ حوکمی ١٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە بە تۆمەتی ”هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی بیانی دژ بە ئێران“ بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە. جێگای ئاماژەیە ناوبراو لەکاتی دانیشتنی دادگا حازر نەبووە و بە بێ حزووری خۆی ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپاندووە.

خوسرەو زەرستان ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (٨ی ئاگۆستی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیراوە.

ئەو بەندکراوە ماوەی ٥ مانگە کە نۆرەی کردووە هەتا نەشتەرگەری لەسەر چاوی ئەنجام بدات، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان نەداوە کە ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە