پەناخوازێکی کورد لە سوید مەترسی دیپۆرتکرانەوەی لە سەرە

٨ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٢:٥٧

 

هەنگاو: پەناوخوازێکی خەڵکی سەردەشت کە ٥ ساڵ پێش چووەتە وڵاتی سوید، داوای پەنابەرییەکەی لەلایەن ئەو وڵاتەوە ڕەد کراوەتەوە و مەترسی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لە سەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەناخوازێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ”کەمال حەسەنپوور“ کە ساڵی ٢٠١٥ چووەتە وڵاتی سوید و داوای پەنابەری کردووە، دوو جار داوای پەنابەرییەکەی لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی ئەو وڵاتەوە ڕەد کراوەتەوە و پێی ڕاگەیەندراوە کە هەتا کۆتایی مانگی فێوریە دەبێ ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵیت و ئەگەر ئەو کارە نەکات ئەوا دیپۆرتی ئێرانی دەکەنەوە.

کەماڵ حەسەنپوور ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) بووە و لەلایەن ئیدارەی پەنابەریی سویدەوە هەتا ڕێکەوتی ٢٧ی فێوریە مۆڵەتی پێدراوە کە ئەو وڵاتە جێ بهێڵێت.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین چالاکی سیاسی کورد لەلایەن وڵاتانی ئەورووپایی بۆ ئێران دیپۆرت کراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە و چەند کەسیان چارەنووسیان نادیارە.

هەر بۆیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو هەوڵەی حکوومەتی سوید مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو چالاکان و ناوەندەکانی ماف مرۆڤ دەکات کە هەموو هەوڵی خۆیان لەمەڕ ڕێگری کردن لە دیپۆرت کردنەوەی ناوبراو بخەنە گڕ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە