دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتی لە سنە و کرماشان هاوکات لەگەڵ ئازادی پێنج کەسی دیکە

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی سنە و کرماشان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پێنج هاووڵ

١٣ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١١:٠٩

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی سنە و کرماشان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پێنج هاووڵاتیی دەستبەسەر کراو بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١ی مارسی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە چالاکێکی ژینگەپارێزگی خەڵکی گوندی زەنانی ئەو شارەیان بە ناوی ”دلێر خوسرەوی“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

دلێر خوسرەوی تەمەن ٤٠ ساڵ و یەکێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی کوردستانی سەوز بووە کە هۆکاری دەستبەسەر کرانی نادیارە.

لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان بە ناوی ”عوبەید عەزیزنژاد“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هێرانا، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراوە.

هاوکات و بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بۆ هەنگاو نێردراون، پێنج چالاکی مەدەنی کورد بە ناوەکانی سابر قادری، فەردین مورادی، گۆران یوسفی، مادێح ئەحمەدی و ئەکبەر گوەیلی بە دانانی بامرتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە