دەستبەسەرکرانی ٣ هاووڵاتی کورد لە بانە و سەردەشت

١ بانەمەڕ ٢٧١٦، ١٧:٥٦
هەنگاو: شەپۆلی دەستبەسەر کردنی لاوانی کورد درێژەی هەیە و لەماوەی رۆژانی رابردوودا سێ هاووڵاتی خەڵکی شارەکانی بانە و سەردەشت دەستبەر کراون.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە “هەنگاو” ، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی خەرمانان، لاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی بانە بەناوی “زانیار مەحموودی” لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بانەوە دەستبەسەر کراوە. پاش دوو حەوتوو لە دەستبەسەر کرانی ئەو لاوە کوردە، هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی بۆ “هەنگاو” ئاشکرا نەبووە. لەلایەکی دیکەوە و بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی رۆژی کورد، لەماوەی رۆژانی رابردوودا خۆشک و برایەکی خەڵکی سەردەشت لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون. رۆژی کورد شووناسی ئەو خۆشک و برایەی لەیلا و ئاکام هەتیمی راگەیاندووە کە هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانیان ناڕوونە و بەدواداچوون و هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو خۆشک و برایە بۆ ئاگاداربوونی لە چارەنووسی رۆڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری “هەنگاو” ، لەسەرەتای مانگی سێپتامبرەوە(١١ی خەرمانان) ، ١٥ هاووڵاتی کورد لەشارەکانی ئورمیە، سەقز، بانە، سەردەشت و بۆکان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە