سنە؛ پاش چەند ساڵ قوربانییەکی مین گیانی لەدەست دا
١٧ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٢٢:٣٩
هەنگاو: یەکێک لە قوربانیانی مین پاش چەندین ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، گیانی لەدەست دا
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی هەنگاو، شەوی دووشەممە رێکەوتی ١٢ی رەزبەر (٣ی ئۆکتۆبر)، قوربانییەکی مین بە ناوی "عەبدولقادر رۆستەمی" پاش چەند ساڵ و لە تەمەنی ٢٧ ساڵایدا گیانی لەدەست دا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی هەبوونی ماددەی شیمیایی لە لەشیدا تووشی نەخۆشی ببووە و جەستەی چڵکی کردبوو.
هەواڵنێری "هەنگاو" لە شاری سنە رایگەیاند عەبدولقادر خەڵکی ناوچەی "کەڵاتەرزان"ی شاری سنە بووە و ٤ ساڵ پێش لە نزیگ پاسگای "سورکەوڵ" کوتبووە سەر مین.
زیاتر لە ٦ میلیۆن هیکتار لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای خووزستان لە ئێران بە ١٦ میلیۆن مین ئالوودەیە و ساڵانە و بەشێوەیەکی نێونجی ٣٠٠ رووداوی مین لەو ناوچانەدا تۆمار دەکرێت کە زۆربەی قوربانییەکان منداڵی ژێر تەمەن ١٠ ساڵن.