زیندانییەکی کورد لە ئورمیە لەخواردن مانی گرتووە

١٨ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٨:٥٣
هەنگاو: زیندانییەکی مەزهەبیی کورد لە ئورمیە، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی راگیرانی دەستی داوەتە مانگرتن.   بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، عەلی ماوه‌ت زیندانیی مەزهەبیی کورد کە ماوەی ٥ مانگە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە راگیراوە، زیاتر لە یەک حەوتووە دەستی داوەتە مانگرتن لەخواردن.   ماڵپەڕی "ماف نیوز" لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ناوبراو بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی راگیرانی و ناڕوون بوونی دۆسییەکەی، دەستی داوەتە مانگرتن و رایگەیاندووە هەتا چارەنووسی روون نەبێتەوە درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.   عەلی ماوه‌ت کوڕی ئەحمەد و خەڵکی شاری بۆکانە کە سەرەتای ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی حەسەن (فارووق) و ٩ هاووڵاتیی دیکەی کورد، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە راگیراوە.   جێگای ئاماژەیە کە عەلی ماوه‌ت پێشتر و لەساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بۆ ماوەی ١٦ مانگ لە زیندان راگیرابوو.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە