١٠ی ئۆکتۆبر رۆژی جیهانیی خەبات دژ بە سێدارە/ لە کوردستان حەوتانە ٢ کەس لەسێدارە دراون
١٩ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٩:٣٠
هەنگاو: ئەمڕۆ لە رۆژژمێری جیهاندا وەکوو رۆژی جیهانیی خەبات دژ بە سزای سێدارە ناسراوە و هەر بەو بۆنەیەش ماڵپەڕی هەنگاو رێژەی ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەماوەی ٩ مانگی رابردوودا لەسێدارە دراون، بڵاو دەکاتەوە.
له ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیدا لهلایهن بهرهی جیهانیی خهبات دژی سزای سێداره، رۆژی ١٠ی ئۆكتۆبر پێشنیار كرا به شوورای بهرزی یهكیهتیی ئهوروپا كه وهك رۆژی خهبات دژی سێداره دیاری بكرێت. شوورای بهرزی یهكیهتیی ئهوروپایش له ساڵی ٢٠٠٦دا به فهرمی ئهم رۆژهی له رۆژژمێردا دیاری و دواتر پەسەندی کرد. بۆیه ١٠ی ئۆكتۆبر وهك رۆژی جیهانیی خهبات دژی سێداره دهناسرێ و ههموو ساڵێك رێز لهم رۆژه دەگیردرێ.
ماڵپەڕی هەنگاو بەمەبەستی فۆکۆس کردنە سەر سزای سێدارە لەکوردستان راپۆرتێکی ئاماری لەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کەلەماوەی ٩ مانگی رابردوودا لە زیندانەکانی رێژیمی ئێران لەسێدارە دراون، بڵاو دەکاتەوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لەماوەی ٩ مانگی رابردوودا سزای سێدارەی ٧٩ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی رێژیمی ئێران جێبەجێ کراوە کە بەشێوەیەکی نێونجی حەوتانە ٢ هاووڵاتی کورد لەسێدارە دراون.
لەو رێژەیە، هۆکاری ١ حاڵەت سیاسی ، ٢٣ حاڵەت دژایەتیی تەناهی نەتەوەی، ٤١حاڵەت تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، ٩ حاڵەت کوشتنی ئەنقەست، ٢ حاڵەت دژایەتی خودا، ٢ حاڵەت تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بووە و حاڵەتێکیش هۆکاری لەسێدارەدانەکی نادیارە کە لە هێڵکاری خوارەوە بەشێوەیەکی ئاماری دەخرێتە بەر دیدی بەردەنگانی ماڵپەڕی هەنگاو.
بەپێی ئەو ئامارانە، زیاترین رێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کورد لەمانگی ٨ی زایینی (ئاگۆست) بە رێژەی ٣٤ حاڵەت بەڕێوە چووە و لە مانگی ٩ (سێپتامبر) ١٥ حاڵەت، مانگی ٧ (جولای) ١٠ حاڵەت، مانگی ٥ (مەی) ٩ حاڵەت، مانگی ٤ (ئاڤریل) ٦ حاڵەت و مانگی ٢ (فێبریە) ٥ حاڵەت بووە.
هەروەها، بە پشت بەستن بە ئامارەکانی هەنگاو ، ٣٢ هاووڵاتی خەڵکی شاری ئورمیە لەسێدارە دراون کە زیاترین ریژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی کوردی تێدا تۆمار کراوە و شاری سنە بە ٢١ حاڵەت، سەردەشت ٥ حاڵەت و سەقز ٤ حاڵەت لە ریزی دووهەم هەتا چوارەم جێیان گرتووە.