ئازادی دوو هاووڵاتی به دانانی بارمته
٢١ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٥:٠٢
هەنگاو: دوو هاووڵاتیی کورد کە حەوتووی پێش و لەکاتی رەشبگیرییەکانی شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کران.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆیی هەنگاو، باوک و کوڕێکی خهڵكی بۆکان بەناوی ئەمین مەحموودی و شاهین مەحموودی پاش حەوتوویەک راگیران لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٢٠ ی رەزبەر بە دانانی بارمتە ئازاد کران.
هەواڵنیری هەنگاو لە شاری بۆکان رایگەیاند، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی پێوەندیی تەلەفوونی لەگەل حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێران دەستبەسەر و لێپرسینەوەیان لێکراوە.
یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری هەنگاوی راگەیاند کە "ئەمین مەحموودی بە دانانی بارمتەی ٣٠ ملیۆن تمەن و کوڕەکەشی کە ١٦ ساڵ تەمنیەتی بێ بارمتە ئازاد کراون".
ئەمین و شاهین مەحموودی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیم لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوون.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لەماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا نزیکەی ٤٠ هاووڵاتی خەڵکی بۆکان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر كراون کە تەنیا ناسنامەی ١٤ کەسیان بۆ هەنگاو روون بووەتەوە.