ماکۆ.. کوژرانی هاووڵاتییەکی کورد و دوو هاووڵاتیی ئەفغان
٢١ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٩:٢٦
هەنگاو: سێ هاووڵاتیی بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران گیانیان لەدەست دا کە کەسێکیان کوردە.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی رەزبەر، هێزە ئینتزامییەکانی هەنگی سنووریی ماکۆ جێگیر لە نزیک گوندی "خولخولە"، ئۆتۆمبێلێکی نەفەر هەڵگریان داوەتە بەر دەستدڕێژی گوللە و لەئاکامدا ٣ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.
هەواڵنێری هەنگاو لە شاری ماکۆ ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردەی "خالیس عەیازی" خەڵکی گوندی "ئاغ گوڵ"ی ماکۆ راگەیاندووە.
بەپێی زانیارییەکان لەو دەستدڕێژەدا جیا لەو هاووڵاتییە کوردە، دوو هاووڵاتیی ئەفغان کە ویستوویانە بەرەو ئەورووپا بڕۆن گیانیان لەدەست داوە.
هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتیە ئەفغانە بۆ ماڵپەڕی هەنگاو روون نەبووەتەوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لەماوەی مانگی رابردوودا ٣ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد لە پارێزگای ئورمیە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم گیانیان لەدەست داوە و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار کراوە.