بۆکان: ئازادیی ٤ کەس بە دانانی بارمتە و بێسەروشوێن بوونی ٤ کەسی دیکە

٢١ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٩:٤٩
هەنگاو: کۆتایی هاوینی ئه‌مساڵ 8 هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کران و ئێستاش لە چارەنووسی چوار کەسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و چوار کەسی دیکەیان بە دانانی بارمتەی ٤٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراون. بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕێکەوتی 31ی خەرمانانی ئەمساڵ هەشت هاووڵاتیی کورد لە شاری بۆکان دەستبەسەر کران کە پاش زیاتر لە 3 حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی ئەو 8 هاووڵاتییە کوردە، هەواڵنێری هەنگاو باس لە بێسەروشوێنی و روون نەبوونی چارەنووسی 4 کەسیان دەکات . بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تایبەتە کە هەواڵنێری هەنگاو کۆی کردووەتەوە، پاش زیاتر لە 20 ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی رێبوار رۆستەمپوور تەمەن 29 ساڵ و کوڕی عەلی، رەزا سلێمان کوردە تەمەن 30 ساڵ و کوڕی جەعفەر، حامید رەشادەت تەمەن 29 ساڵ و کوڕی عومەر و هەروەها ئەنوەر عوسمانزادە تەمەن 30 ساڵ و کوڕی محەممەد چارەنووسیان هەروا ناڕوونە. رێکەوتی 31ی خەرمانان هێزە ئەمنییەتییەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێران بەشێوەی گرووپی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە دەستبەسەر کردبوو کە دواتر چوار کەسیان بە دانانی بارمتەی هەرکام 40 ملیۆنی ئازاد کران. ڕاپۆرتی هەواڵنێرمان لە بۆکانەوە شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییەی دیکەی کە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون به‌ ناوه‌كانی دانا خاکی تەمەن 24 ساڵ و کوڕی عەبدولکەریم، حسێن حەسەنی تەمەن 27 ساڵ و کوڕی عوسمان، شێرکۆ عەلیخانی تەمەن 27 ساڵ و کوڕی محەممەدڕەحیم و خاتوو سەبری سوهرابی تەمەن 32 ساڵ و کچی مەنسوور ڕاگەیاند کە بە دانانی بارمتەی ٤٠ میلیۆن تمەنی ئازادکراون. هێزە سەرکوتکەر و دژەگەلییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەشێوەی سیستماتیک و بەبێ هیچ بەڵگەیەک و بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ حیزبێکی دژبەری حکوومەت، بەشێوەی بەرین هاووڵاتییانی کورد دەستبەسەر دەکات.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە