ئەشکەنجە زیندانییەکی کوردی رەوانەی نەخۆشخانە کرد

٢١ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٢٢:٣٨
هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی ئەشکەنجەی هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران لە بارودۆخێکی نالەباردایە. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هەنگاو، لەماوەی حەوتووی رابردوودا، حاسڵ عەزیزی خەڵکی ئاوایی "قەرەسەقل" سەربەشاری شنۆ، دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، کەوتە بەر لێدان و هەنووکە لەبارودۆخێکی نالەباردایە. جێگای ئاماژەیە ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ  گوازرایەوە و لە ئێستادا لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە. ماڵپەری کوردپا بڵاوی کردوەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان، ئیجازەی چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەی حاسڵ عەزیزی نەداوە لە دۆخی جەستەیی رۆڵەکەیان ئاگادار بن. حاسڵ عەزیزی مانگی پوشپەڕی ئەمساڵ و پاش پێکدادانی هێزەکانی سوپای پاسداران و حیزبی دێموکرات لە گوندی قەرەسەقلی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و لەو کاتەوە تا ئێستا لە بەندیخانەکانی ئورمیە و شنۆ راگیراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە