سه‌قز.. هاووڵاتییه‌ك سزای ١ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پا

٢٢ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١١:٤٦
  هەنگاو: دەزگای دادوەریی شاری سەقز سزای ١ ساڵ زیندانی بەسەر هاووڵاتییەکی ئەو شارەدا سەپاند. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لەماوەی رابردوودا دادگای شۆڕشی شاری سەقز، سزای ١ ساڵ زیندانی بەسەر ئاوات شەریفی هاووڵاتی خەڵکی ئەو شارە سەپاندووە.   ئاوات شەریفی تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی جەعفەر، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی زیاتر لە ٤ مانگە لە زیندانی سەقز راگیراوە و بەبێ بەشداربوون لە پرۆسه‌ی دادگایی كردنیدا، لەلایەن بەرپرسی دادگاوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپاوە. هەواڵنیری ماڵپەڕی "هەنگاو" لەشاری سەقز رایگەیاند کە ئەو سزایە بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی ئێران" بەسەر ناوبراودا سەپاوە. جێگای ئاماژەیە کە ئاوات شەریفی بۆ ماوەی ١٤ رۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز راگیرابوو و بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کرابوو.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە