زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر زەینەب جەلالیان
٢٤ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٠٠:٠٢
هەنگاو: پارێزەری زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسی کورد کە لە زیندانی خۆی راگیراوە، باسی لە زیاد بوونی گوشارەکان بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی تەلەڤیزیۆنی لەسەر ئەو زیندانییە کوردە کردووە.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، زەینەب جەلالیان ماوەی ٩ ساڵە لە زیندانەکانی کرماشان و خۆی راگیراوە و لەو ماوەیەدا لە مافی مرەخەسی بێبەش بووە .
عەلی جەلالیان باوکی زەینەب لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "کەمپەینی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە ئێراندا" گوتوویە: "کچی من ماوەی ٩ ساڵە مافی مرهخهسیان لێ زهوت كردووه، واتا مرەخەسی پێ نادەن و هەرچی داوامان کردووە بە ئێمەیان نەوتووە کە بۆچی مرەخەسییان پێ نەداوە."
لەلایەکی دیکەوە، ئەمیر سالاری داوودی، پارێزەری زەینەب جەلالیان گوتوویە "سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات داوایان لە ناوبراو کردووە کە لەپێش کامێرا وتوێژ بکات و دان بە تاوانەکانی خۆیدا بنێت."
دانپێدانانی تەلەفزیۆنی، زاراوەیەکی ناو ئەدەبیاتی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە دژبەرانی ئەو سیستمە بەتایبەتی زیندانییەکان، بە شێوەی زۆرەملێ و لەژێر ئەشکەنجەدا بە ڕەخنە گرتن و ڕەتکردنەوەی بیر و کرداری پێشووی خۆیان ناچار دەکرێن و لە کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی وەک پرێس تیڤی، سەحەر و جام جەم، بڵاو دەکرێنەوە.
پارێزەری زەینەب هەروەها باسی لە نەخۆشیی چاوی ناوبراو کردووە و رایگەیاندووە کە لهچاو رابردوو باشتر بووە.
زەینەب جەلالیان تەمەنی ٣٤ ساڵە و ٩ ساڵ پێش و لە رێکەوتی ٢٠ی رەشەممەی ١٣٨٦ی هەتاوی لە خاڵی پشكنینی "قازانچی"، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزرا.
حوکمی دەزگای قەزایی ئێران بۆ ناوبراو، لە سەرەتادا ئیعدام بوو و پاشان بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بۆ زیندانی شاری خۆی گوازرایەوە.