کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری باکوور کوژرا
٢٤ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٠:١٤
هەنگاو: کوژرانی کۆڵبەرانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و ئەمجارەیان کۆڵبەریکی خەڵکی ئورمیە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم گیانی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢٤ی رەزبەر، کۆڵبەریکی کوردی خەڵکی ئورمیە بە ناوی "حەسەن ئەمینی" کوڕی فەرزەندە ناسراو بە حاجی قۆتاز بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران گیانی لەدەست داوە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی هەنگاو لە شاری ئورمیە رایگەیاند کە حەسن ئەمینی لە سنووری "سێرۆ"ی نێوان باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان تەقەی لێکراوە.
حەسەن ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی "گوڵە شێخان" سەر بە ناوچەی برادۆستی ئورمیە و خاوەن ژن و منداڵ بووە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنیری هەنگاو، لەو دەستدڕێژەدا ٣ ئەسپی ئەو کۆڵبەرە کوردەش کوژراوه.
کوژرانی ئەم کۆڵبەرە کوردە لە حاڵێکدایە کە رۆژی رابردووش کۆڵبەریکی دیکەی کورد بەناوی "ئەحمەد نەزەری" خەڵکی گوندی "شێخ سڵە"ی سەلاسی باوەجانی بەتەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی رێژیمی ئێران لەنێوان سنووری باشوور و رۆژهەلاتی کوردستان گیانی لەدەست دابوو.