سزای ٥٤ مانگ زیندان بۆ ٦ چالاکی بواری کرێکاری
٢٥ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٦:٢٩
هەنگاو: دادگای شۆڕشی شاری سنە سزای زیندانی بۆ چەند چالاکی کرێکاریی کوردی شاری کامیاران دەرکرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، رۆژی شەمە ٢٤ی رەزبەر، دادگای شۆڕشی شاری سنە، سەرجەم سزای ٤ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ مێهرداد سەبوری، ئومید ئەحمەدی، شاهۆ سادقی، ئارام محەممەدی، رۆژین ئیبراهیمی و دڵنیا سەبووری بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە دژی نیزام و بەڕێوەبردنی مەراسمی رۆژی جیهانیی کرێکار"، دەرکردووە.
شایانی باسە کە سەرەڕای ئەوەیکە ئەم چالاکانە لەکاتی دادگایی کردنیان لە رێکەوتی ١٢ی رەزبەر، ئەو تۆمەتانەیان لە دادگا رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە بەشداری لە رێورەسمی 1ی مەی مافی سەرەتایی چینی کرێکارە، بەڵام قازیی دادگا بە توندی پێیانی راگەیاندوە یا چاوەڕوانی کۆبونەوەی داهاتووی دادگا دەکەن یا چاوەڕوانی راگەیاندنی سزاکەیان دەبن کە رۆژی شەمە ٢٤ی رەزبەر بە شێوەی رەسمی حوکمی زیندانیان پێڕاگەیەندرا.
بەپێی ماڵپەڕی کانونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کوردستان هەرکام لە مێهردادا سەبوری و رۆژین ئیبراهیمی و دڵنیا سەبوری و ئومید ئەحمەدی بە یەک ساڵ زیندان و شاهۆ سادقی و ئارام محەممەدی بە 3 مانگ زیندای سزا دراون.
ئەم چالاکانە لە ٣١ی بانەمەڕی ساڵی١٣٩٥ی هەتاوی دوای بەشداری لە رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی کرێکاری، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیارانهوه لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و دواتر بەدانانی بارمتە ئازاد کرابوون.