سەحەر فەیزی بەدانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن ئازاد کرا
٢٥ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٢٣:٠٧
هەنگاو: كچه خوێندکارێکی کورد کە ٣ مانگ پێش ئێستا دەستبەسەر کرابوو بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن لەزیندان ئازاد کرا.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی رەزبەر، سەحەر فەیزیکچە خوێندکاری کورد ، بەدانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن لەلایەن دادگای شاری سەقزەوە ئازاد کرا.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارە لەلێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری هەنگاوی راگهیاند " بنەماڵەی سەحەر لەماوەی ئەو ٣ مانگەدا نەیانتوانیەوە کە رۆڵەکەیان ببینن و هەتا ٢٠ رۆژ لە شوێنی راگیرانی ناوبراو بێ ئاگا بوون و پاش ٢٠ رۆژ یەکەم پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە."
سەحەر فەیزی تەمەن ٢٤ ساڵ و کچی مستەفا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە بە تۆمەتی "بەشداری چالاکانە لە بەڕێوەبردنی مانگرتنی تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ" دەستبەسەر و لەو ماوەیەدا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە و سەقز راگیرابوو.
جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو خوێندکاری بەشی کاڕگێڕیی بازرگانی زانکۆی تەورێز بووە.