مامۆستایەکی کوردی زانکۆی مەریوان لە وانەوتنەوە بێبەش کرا

٢٦ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٦:٤٣
هەنگاو: یەکێک لە مامۆستایانی کوردی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان بەبێ هیچ هۆیەکی بنەمادار لە وانەوتنەوە بێبەش كرا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە 25ی ڕەزبەر، بەرپرسانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان بەبێ هیچ هۆکارێکی بنەمادار و هەروەها بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، پێشیان بە وانەوتنەوەی دوکتور حامید کۆنەپۆشی، مامۆستای کوردی ئەو زانکۆیە گرت. حامید کۆنەپۆشی، خوێندکاری قۆناغی دوکتورای کۆمەڵناسی و مامۆستای زمانی کوردی، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بەم شێوەیە باس لە بێبەشکرانی کە وانەوتنەوە لە زانکۆی پەیامی نووری مەریوان دەکات: "لەکاتێکدا کە خوێندکاران لەسەر پۆلی وانەوتنەوە بوون، بەرپرسانی زانکۆ بە منیان ڕاگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی کەسێکی بە نەزم ـی، ئێمە چیدیکە ناتوانین لەگەڵ ئێوەدا کار بکەین. " ئەم مامۆستا کوردە کە پێشتر خێزانیشی لە وانەوتنەوە لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بێبەش کرابوو، بە شێوازی حەقولتەدریسی لە زانکۆی پەیامی نوور وانەی دەگوتەوە بەڵام بەبێ هیچ هۆکارێک لەسەر کار وەلانراوە. لەم پێوەندییەدا، دوکتور مەسعوود ڕوستەمی، چالاکی سیاسیی کورد لە دەرەوەی وڵات لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بێبەشکرانی مامۆستایانی کورد لە وانەوتنەوە لە زانکۆکاندا دەبێ وەکوو دەرکردن ناوی لێ ببرێت و هەروەها ڕاشی دەگەیەنێت کە ئەمە پڕۆژەیەکی سیستماتیکی حکوومەتی داگیرکەرە. دوکتور ڕوستەمی ئامانجی ڕێژمی ئیسلامی لە دەرکردنی مامۆستایانی کورد لە زانکۆکانی کوردستاندا بۆ ئەوە دەگەڕنێتەوە کە حکوومەتی تاران بەو شێوەیە دەیهەوێ پێوەندیی نێوان جیلی خەباتگێڕ و جیلی نوێ بپچڕێنێ و هەروەها پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە هیچ گۆڤار و ڕاگەیاندنێک ناتوانێت لە پێوەندیی نێوان جیلیدا کاریگەریی هەبێت. دوکتور کۆنەپۆشی، مامۆستای دەرکراوی کوردی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان, مەبەست لە بێبەشکران لە وانەوتنەوەی لە زانکۆدا بەم شێوەیە باس دەکات: حکوومەت دەیهەوێ بەو شێوەیە ئەمن لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان بێبەش بکات و بەو شێوەیە ئەمن ببمە کەسێکی گۆشەنشین و بخرێمە پەراوێزەوە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە