به‌ندكراوێکی كورد له به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شار له‌ژێر گوشاردایه
٢٦ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٩:٣٠
هه‌نگاو: بێهنام ئیبراهیم زاده چالاكی كرێكاری و خه‌ڵكی شنۆ زیاتر له ساڵێكه حوكمه‌كه‌ی ته‌واو بووە و ، بەڵام هێشتا لە زیندانی رەجایی شار راگیراوە و به هۆكاری جۆراوجۆر له‌ژێر گوشاردایه.
به‌پێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو ، رۆژی رابردوو بێهنام زادە ئیبراهیم له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حیفازه‌ت ئیتلاعاتی به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شاره‌وه كه‌وتوه‌ته به‌ر لێكۆڵینه‌وه و ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌ل و په‌ل و نووسراوه‌كانی ناوبراودا گرتووە.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو پاش پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ناوبراو بدەستیان کەوتووە و ماڵپەڕی "ماف نیوز" بڵاوی کردووەتەوە ، به بیانووی ناردن بۆ ده‌رمانگا له به‌ندی دارئهلقورئانهوه بۆ سالۆنی ١٢ی به‌ندكراوانی سیاسی_ئمنییه‌تی له به‌ندی ٤ راگوێزراوه و هاوكات ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو كه‌ل و په‌ل و نووسراوهكانیدا گرتووه.
ئه‌م بندكراوه سیاسییه پێشتر له جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵدا نامه‌یه‌كی بۆ سكرتێری گشتیی رێكخراوی جیهانیی كار، “گای رایدێر” و هه‌موو رێكخراوه جیهانییه‌كانی كرێكاری نوسیبوو و تێیدا گوتبووی كه تاوانی ئه‌و به‌رگیری له مافه‌كانی كرێكاران، مافه‌كانی منداڵان و به‌رگری له كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كانه و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی پێشهاتووه، له پرۆسه‌یه‌كی نوێ‌دا به حه‌وت ساڵ و ١٠ مانگ به‌ندكرانی ناڕه‌وا سزا دراوه.
ناوبراو یه‌كه‌مجار له ساڵی ١٣٨٧دا به تۆمه‌تی دروشم نووسین و پڕوپاگاندا دژی رێژیم ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و جاری دووهه‌م له ساڵی ١٣٨٨ و هاوكات له‌گه‌ڵ رۆژی جیهانیی كرێكاردا و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك چالاكی كرێكاری و مه‌ده‌نی له پاركی لاله‌ی تاران‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و پاش مانگێك به دانانی بارمته ئازاد كرا. بێهنام جاری سێهه‌م له ٢٢ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٨٩ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ٤ مانگ له ژووری تاكه‌كه‌سیی به‌ندیخانه‌ی ئێڤین‌دا له‌ژێر گوشار و لێكۆڵینه‌وه‌دا بوو پاشان بۆ به‌ندی ٣٥٠ی ئه‌و به‌ندیخانه به‌ڕێ كرا. لقی ١٥ دادگای شۆڕش به سه‌رۆكایه‌تیی قازی سه‌ڵواتی له دادگایه‌كی كورتدا و به بێ ئاماده‌بوونی پارێزه‌ری بێهنام ئیبراهیم زاده، ناوبراوی به ٢٠ ساڵ به‌ندكران سزا دا كه پاشتر له دادگای پێداچوونه‌وه‌دا بۆ ٥ ساڵ كه‌م كرایه‌وه.
بێهنام له كاتی هێرشی گاردی به‌ندیخانه‌ی ئێڤین بۆ به‌ندی ٣٥٠ كه به ”پێنج شه‌ممه‌ی ره‌ش” ناوبانگی ده‌ركرد، كه‌وته به‌ر لێدان و بۆ ماوه‌ی ١٥ رۆژیش راگوێزرا بۆ ژووری تاكه‌كه‌سیی به‌ندی ٣٤٠. ناوبراو له بانه‌مه‌ڕی ١٣٩٣دا بۆ ژوری تاكه‌كه‌سیی به‌ندی ٢٠٩ راگوێزرا و پاشان به شێوه‌یه‌كی نایاسایی بۆ به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شاری كه‌ره‌ج راگوێزرا و له‌م به‌ندیخانه‌یه‌شدا به‌رده‌وام بهندهكهیان ده‌گۆڕی.
له ١٠ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٩٤‌دا دادگای پێداچوونه‌وه‌ی پارێزگای تاران، بێهنام ئیبراهیم زاده‌ی به ٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ١٥ رۆژ به‌ند كران و دانی ٤٥٠ هه‌زار تمه‌ن سزا دا. تۆمه‌ته‌كانی بریتی بوون له ”كۆبوونه‌وه و رێكخستن بۆ تاوان كردن دژی ته‌ناهیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی” و ”چالاكیی ته‌بلیغی دژی رێژیم”.