گواستنەوەی دووبارەی دوو زیندانی سیاسیی کورد بۆ زیندانی ورمێ

٢٧ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٠٠:٥٨
هەنگاو: دوو زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ بۆ جاری دووهەم بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرانەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ کە چوار مانگ پێش دەستبەسەر کراون، بۆ دووهەمین جار بۆ زیندانی ورمێ بەڕێ کرانەوە. هەواڵنێری هەنگاو لەو بارەوە ڕایگەیاند کە کەماڵ مەسرووری و جەماڵ مەسرووری کە لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شنۆن، بۆ جاری دووهەم لەلایەن هێز و ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی تارانەوە، گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ورمێ. هەروەها لەزاری سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوەوە ڕاشیگەیاند کە کەماڵ سەرەڕای ئەوەی کە بەهۆی ئەشکەنجە شان و پشتی تووشی پێکان بووە و پێویستی بە چارەسەریی پزیشکی هەیە، ڕوانەی زیندانی ورمێ کراوە. کەماڵ و جەماڵ مەسرووری لە دانیشتوانی گوندی قرەسەقل سەر بە شاری شنۆ ـن و پاش تێکهەڵچوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و سوپا لەو گوندە، دەستبەسەر کرابوون. ئەم دوو هاووڵاتییە پاش دەستبەسەرکران بۆ زیندانی ورمێ گوازرابوونەوە و دواتر گەڕێندرابوونەتەوە زیندانی شنۆ و بە بارمتەی 500 ملیۆنی ئازاد کرابوون. ناوبراوان پاش ئەوە، چەند ڕۆژ پێش دیسان بانگهێشت و بۆ زیندانی ورمێ گوازرانەوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە