مەنیژە فاتحی بە دانانی ١٥٠ ملیۆن تمەن بارمته لە زیندان ئازاد کرا

٢٧ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٠٢:٣٤
هەنگاو:مەنیژە فاتحی، کچه خوێندکاری کوردی خەلكی بۆکان کە ٧ مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری مافی مرۆڤیی "هەنگاو"،ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی رەزبەر، مەنیژە فاتحی کچه خوێندکاری کورد، بە دانانی ١٥٠ ملیۆن تمەن بارمتە، هەتا کاتی دادگایی کرانی، لە زیندان ئازاد کرا. مەنیژە، کچە خوێندکاری تەمەن ٢٢ ساڵەی کورد، رێکەوتی ١٥ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٤ لەایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر کرا. ئەو کچە خوێندکارە کوردە، هەتا کاتی ئازادکرانی لە ژوورە تاکە کەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، مهاباد و ئورمیەدا راگیرابوو. هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بۆکان، رایگەیاند: مەنیژە فاتحی کە ماوەی ٢ مانگی کۆتایی دەستبەسەرکرانەکەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیه لەدەستبەسەریدا بوو، سەرئەنجام بە بڕیاری بەرپرسی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. تۆمەتی ئەو کچە خوێندکارە لە دۆسیەکەیدا، "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئیسلامیی ئێران" راگەیاندراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە