دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە دێولان
٢٧ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٢٣:٤٧
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی شاری دێولان، بە هۆکارێکی نادیار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگویزراوە.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، رۆژی دووشەممە ٢٦ی رەزبەر، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی شاری دێولان بەناوی "سەعدی خالیدیان" لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شاری دێولان دەستبەسەر کرا.
کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و هەروەها بەبێ هەبوونی مۆڵەت چوونەتە ماڵی ئەو کەسە و دەستبەسەریان کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە شوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەرکرانی لەبەر دەستدا نییە.