ناسنامەی ٣ کەس لە گیراوانی کامیاران ئاشکرا بوو
٢٨ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٥:١٧
هەنگاو: دوابەدوای دەستبەسەرکرانی لانیکەم ٢٠ هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران، ناسنامەی ٣ کەس لەو گیراوانە بۆ ماڵپەڕی هەنگاو ئاشکرا بوو.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لەماوەی رۆژانی رابردوودا نزیک بە ٢٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کامیاران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.
ناسنامەی سێ کەس لەو کەسانە بە ناوەکانی حەسەن قوربانی، حەیدەر قوربانی و حوسین روحانی کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی رەزبەر دەستبەسەر کراون، بۆ ماڵپەڕی هەنگاو روون بووەتەوە.
ئەو هاووڵاتییانە سەرجەمیان خەڵکی گوندەکانی تەختی زەنگی، پەشاوا، وێزیەر و بزوەشی شاری کامیاران بوون کە بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی دوو کەس لە دەستوپێوەندییەکانی رێژیم بە ناوەکانی جەبار ئیبراهیمی و سدیق ئەمینی لە گوندی تەختی زەنگی، دەستبەسەر کراون.
هەواڵنێری هەنگاو لە شاری کامیارانەوە رایگەیاند کە هەتا ئێستا شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتییانە نەزانراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی رۆلەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.