باری جەستەیی به‌ندكراوێکی سیاسیی  کورد ناجێگیرە

٢٨ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٥:٣٠
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد سەرەڕای ئەوەی لەڕووی تەندروستییەوە لە بارێکی خراپدایە، بەرپرسانی زیندان و وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگری لە چارەسەریی پزیشکیی ئەو زیندانییە دەکەن. بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو، چەنگیز قەدەم‌خێر، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە زیندانی "مەسجد سلێمان" ڕاگیراوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئازاری پای تەنگی پێ هەڵچنیوە و بەو حاڵەش بەرپرسانی زیندان هەنووکە ڕێگری لە چاره‌سه‌ری ئەو به‌ندكراوه‌ کوردە دەکەن. جێگای ئاماژەیە لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو زیندانییە کوردە گوللەیەک بەر گورچیلەی کەوتووە کە ئێستاش لە گورچیلەیدا ماوەتەوە و سەرەڕای ئەوەی دکتۆری به‌ندیخانه‌ چەنهاجار بەرپرسانی زیندانی ئاگادار کردووەتەوە کە "چەنگیز قەدەم خەیر" گورچیلەکانی تووشی هەوکردن بوون و پێویستییان بە چارەسەری پزیشکیی تایبەتی هەیە، بەڵام هەتا ئێستا پێشگیری لە دەرمانی ناوبراو کراوە. بەپێی راپۆرتێک کە "کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی" بڵاوی کردووەتەوە، ئەو زیندانییە کوردە ئێستا بە دژواری نان و تەنانەت ئاویش دەخواتەوە. چەنگیز قدەم خەیر، چوار ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ٣ کەسی دیکە بە تاوانی "بەرەنگار بوونەوەی خودا و تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای پاسدارن" لە یەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواتر بە هەمان تۆمەت و ئەندامەتیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێران، لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بە ٤٠ ساڵ به‌ندكران و گواستنەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری مەسجد سولەیمان، سزا درا.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە