دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی مەریوانی

٢٨ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٦:٠٤
هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان لەکاتی گەڕانەوە لە باشووری کوردستانهوه دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بەناوی "سۆران رەشیدیان" لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
هەواڵنێری هەنگاو لەوبارەوە رایگەیاند کە سۆران رەشیدیان لەکاتی گەڕانەوە لەباشووری کوردستان و لە خاڵی سنووریی باشماخ دەستبەسەر کراوە.
سۆران رەشیدیان پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێران بووە و لەماوەی رابردوودا بەردەوام لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لەژێر زەخت و گوشار بووە و لێپرسینەوەی لێکراوە.
هەتا ئێستا هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ هەواڵنێری هەنگاو روون نەبووەوتەوە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.