بانگهێشت و لێپرسینەوە لە دایکی چالاکێکی سیاسی کورد
٢٩ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٣:٠٦
هەنگاو: دایکی بەساڵاچووی یەکێک لە چالاکانی سیاسیی سەقز بۆ چەندەمینجار لەلایەن ستادی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەزبەر، فاتمە فیروزی تەمەن ٦٠ ساڵ و دانیشتووی گوندی " تایر بۆغە"ی سەقز، لەرێگای تەلەفوونەوە بانگێشتی ستادی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنیری هەنگاوی راگەیاند، " فاتمە فیرووزی سەرەڕای بەساڵاچوون، لەلایەن ستادی هەوالگریی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەهۆی چالاکیی سیاسی و میدیایی کوڕەکەی و لەمەڕ حزووری پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکان لە ناوچە، لێپرسینەوەی لێکراوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: هێزە ئەمنیەتییەکان هەڕەشەیان لە دایکی هادی عارفی کردووە کە واز لە چالاکی سیاسی و میدیایی لە میدیاکانی دژبەری رێژیم بهێنێت.
بە وتەی ئەو سەرچاوە، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەروەها لەمەڕ حزووری هیزی پێشمەرگەی کوردستان لەشاری سەقز، لێپرسینەوەیان لەو ژنە بەساڵاچووە کردووە.
بانگهێشت کردن و لێپرسینەوەی وەزارەتی ئیتلاعات لەو دایکە بەساڵاجووە لەحاڵێکدایە کە ناوبراو کێشەی ههناسهسوار بوونی هەیە و سەرباری ئەوەش چەدین جار بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی میدیا مافی مرۆڤییەکان بڵاوی دەکەنەوە، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران، بەشێوەیەکی بەردەوام بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کورد دەخەنە ژێر گوشار و کێشەیان بۆ دەخولقێنن.