هاووڵاتییەکی سەقزی لەسێدارە درا

٢٩ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٨:٥٨
هەنگاو: لە ماوەی رۆژانی رابردوودا سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی سەقز لە زیندانی میاندواو بەڕێوە چوو. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر، سزای سێدارەی زیندانییەکی کورد بە ناوی "فەردین سولەیمان‌پەناه" لە زیندانی ناوەندیی شاری میاندواو بەڕێوە چووە. هەواڵنێری هەنگاو لە شاری سەقز وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە گوتی فەردین تەمەن ٣٩ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکیش بووە. فەردین سولەیمان‌پەناه  کوڕی عەزیز، ١٥ی بانەمەڕی ساڵی رابردوو لە شاری میاندواو دەستبەسەر و پاش ساڵێک لەڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی "بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی هەنگاو، لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە سزای سێدارەی ١٤ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێران بەڕێوە چووە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە