لێبوردنی نێودەوڵەتی لەمەڕ زیندانییەکی سیاسیی کورد هاتەدەنگ

٣٠ ڕەزبەر ٢٧١٦، ١٥:٣٥
هەنگاو: دۆخی نالەباری جەستەیی زەینەب جەلالیان، به‌ندكراوی سیاسیی کوردی لە چاڵەڕەشەکانی حکوومەتی تاران، هوشداری ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لێکەوتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی گه‌یشتوو به‌ ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە دەرکردنی بەیانییەیەک نیگەرانیی خۆی له‌مه‌ڕ دۆخی نالەباری جەستەیی زەینەب جەلالیان دەربڕی. ئەم ڕێکخراوە جیهانی و مافی مرۆڤییە، له‌مه‌ڕ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئەگەری کوێربوونی چاوەکانی زینەن جەلالیان لە ئەگەری درێژەی ئەو دۆخەی ئێستایدا، هوشداری دەدات. زینەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کورد، نەخۆشیی ناخونەکی چاوی گرتووە و دەمێکە بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێنێت بەڵام بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومت لە بەڕێکردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە و چارەسەر بوونی خۆ دەبوێرن. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیانییەکەیدا وێڕای داوا لە حکوومەتی تاران و بەرپرسانی زیندانی شاری خۆی بۆ بەڕێکردنی ئەو زیندانییە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پزیشکی، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئەگەری هەیە بێبەشکرانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بە هۆی خۆبواردنی بێت لە دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی. زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی دەستبەسەر و بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئێران پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر لە دادگای شۆڕشی کرماشان بە لەسێدارەدان سزا درا و پێیان ڕاگەیاند کە دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی تەنیا دەتوانێت پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بگرێت. دواتر لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا سزاكه‌ی لە سێدارەوه‌ بۆ زیندانی هەتایی کەم کرایەوە و لە ساڵی١٣٩٣دا بۆ زیندانی خۆی گوازرایەوە. زەینەب جەلالیان بەهۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆر لە سەرەتای دەستبەسەرکرانەوە تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر و بەتایبەتی نه‌خۆشیی چاو بووە بەڵام بەهیچ شێوەیەک مافی چارەسەر بوونی پزیشکیی پێنەدراوە. بەرپرسانی زیندان و کاربەدەستانی دەزگای دادوەری دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی ناوبراو و بارمتە گرتنی یەکێک لە خزمانی نزیکی زەینەب جەلالیان وه‌ك مەرجی پێدانی مافی چارەسەری پزیشکی و مرەخه‌سی ڕاگەیاندووە.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە