پاش ٥ مانگ چارەنووسی ئەسرین ئەمین‌زادە ناڕوونە

٣٠ ڕەزبەر ٢٧١٦، ٢٠:٤٥
هەنگاو: پاش تێپەڕبوونی ٥ مانگ، چارەنووسی کچە خوێندکارێکی دەستبەسەر کراوی کورد ناڕوونە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو،  ئەسرین ئەمین‌زاده کچە خوێندکاری کوردی خەڵكی مەهاباد ٥ مانگ پێش ئێستا و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کورد دەستبەسەر و هەتا ئێستاش ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد نکۆڵی لە دەستبەسەر کردنی ئەو کچە خویندکارە دەکات. نکۆڵی و حاشا کردن لە دەستبەسەر کردنی ئەو کچە خوێندکارە، نیگەرانیی لای کەس و کار و بنەماڵەی ئەسرین دروست کردووه‌ و لەمەڕ باری تەندروستی و مەترسیی گیانی لەسەر ناوبراو، تووشی دڵەڕاوکێ بوون. بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "رۆژی کورد" دوابەدوای دەستبەسەر کردنی ئەسرین ئەمین‌زاده ،بنەماڵەی ناوبراو لە مەهاباد بەردەوام سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەکانی دیکەی حکوومەتیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ناوەندێکی ئەمنی زانیاریی لەسەر دەستبەسەر کردنی ئەو کچە خویندکارە نەدرکاندووە. ئەسرین ئەمین‌زاده، تەمەن ٢٤ ساڵ و کچی بەهادین و خوێندکاری رشتەی ژمێریاری، لە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ئەمساڵدا (١٣٩٥) لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ هەواڵێک لە شوینی راگیران، هۆکاری دەستبەسەر کردن و دۆخی جەستەیی ئەسرین لەبەردەستدا نییە. ئەو کچە خوێندکارە کوردە لە ماڵی خۆیان لە شاری مەهاباد، لەلایەن دوو کەسی ئیتلاعاتییەوە بە مۆڵەتی دەزگای دادوەری دەستبەسەر و رەوانەی شوینێکی نادیار کراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە