کوردێک سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا
١ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٥:٠١
هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی ئۆتریش، لەلایەن دەزگای دادوەریی ریژیمی ئێرانەوە بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی "هەنگاو"، رۆژی سێشەممە ٢٧ی رەزبەر، کامران قادری هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی ئۆتریش لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا" بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.
ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ کە خاوەن رەگەزنامەی ئێرانی_ ئۆتریشییە ١٠ مانگ بەر لەئێستا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، له‌ئاكامدا لەلایەن دادستانی تارانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا" سزای ١٠ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پا.
بەپێی راپۆرتێک کە "رادیۆ فەردا" بڵاوی کردووەتەوە، دادستانیی تاران رۆژی سێشەممە ٢٧ی رەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی رایگەیاند کە پێنج کەس بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا هەرکامەیان سزای ١٠ ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. ناسنامەی دوو کەس لەو پێنج کەسە بە ناوەکانی سیامەک و محەممەدباقر نەمازی پێشتر ئاشکرا ببوو، بەڵام سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی کامه‌ران قادری، عەلیرەزا ئومیدوار و فەرهاد عەبدول ساڵح پێشتر نێویان لەهیچ میدیایەک و لەلایەن هیچ بەرپرسێکی رێژیمەوە ئاشکرا نەکرابوو.
کامه‌ران قادری تەمەن ٥٢ ساڵ، بەرپرسی کۆمپانیای "ئاوەنگ" لە شاری ڤیەنی پایتەختی ئۆتریشە کە لەکاتی سەفەر بۆ ئێران لە مانگی ژانڤیەی ئەمساڵدا، لەلایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە فڕۆکەخانەی تاران دەستبەسەر کرابوو.
كه‌سێكی نزیك له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و زیندانیه كورده به هه‌واڵده‌ریی ڕۆژی كوردی ڕاگه‌یاند كه هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ راگه‌یاندن و بڵاوكراوه‌یه‌ك هه‌واڵی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌ركرانی كامه‌ران بڵاو نه‌كردۆته‌وه، ئه‌وه بووه كه له‌سه‌ر پێشنیاری پارێزه‌ره‌كه‌ی بێده‌نگیمان هه‌ڵبژاردبوو و داوامان لێكرابوو كه هه‌واڵه‌كه میدیایی نه‌كه‌ین .