ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەرکرا لە سەقز
٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٥:٥٥
هەنگاو: چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵكی شاری سەقز کە لە حەوتووی رابردوودا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران، هەتا ئیستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لە رۆژانی حهوتووی رابردوودا کەسیک بەناوی عادڵ حسێنزاده، کوڕی سەید حامید، دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار راگوێزراوە.
هەواڵدەریی کوردپا هاوکات بڵاوی کردۆتەوە، کە هاووڕێیەکی عادڵ حسێنزاده بەناوی "زانکۆ" لە شاری سەقز دەستبەسەر و رەوانەی شوینێکی نادیار کراوە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سەقزیان هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان راگەیاندووە.
هەتا ئێستا سەرەڕای هەوڵی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بۆ روونبوونەوەی چارەنووسی رۆڵەکانیان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی زانیاری لەمەر شوێنی راگیران و دۆخی جەستەیی عادڵ و حسێن هیچ زانیارییەکیان نەدرکاندووە.