باوکی مافی مرۆڤی کوردستان ٣٤٠٠ ڕۆژە لە زیندانە

٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٦:٣٣
هەنگاو: سەرەڕای ئەوەی بەشێکی هەرەزۆر لە سزاكه‌ی تێپەڕ کردووە، محەممەدسدیق کەبوودوەند، هەروا لە زیندان ڕاگیراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، محەممەدسدیق کەبوودوەند، ماوەی ٣٣٩٥ ڕۆژ لە زیندانە و سەرەڕای ئەوەی بەپێی یاسا مافی ئازادیی مەرجداری پێ بدرێت، بەڵام هەروا لە به‌ندیخانه‌ راگیراوە. کەبوودوەند کە بە باوکی مافی مرۆڤی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە، ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران، بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لەڕێگەی دامەزرانی رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. هەروەها بەبۆنەی کەیسی تایبەت بە چالاکیی رۆژنامەنووسی، ئەو دادگایە سزای یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو و 5 ساڵیش دوورخستنەوە لە کاری رۆژنامەنووسی بۆ دەرکردبوو. ماوەیەک پێش ئێستا کە باوکی مافی مرۆڤی کوردستان لە کۆتایی سزاکەی کە 11 ساڵ بەندکردنە نزیک دەبووەوە، کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دۆسیەیەکی دیکەیان بۆ دروست کرد و مەبەستیشیان ئەوە بوو کە ماوەی حوکمەکەی درێژ بکەنەوە. ئەم کارەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، پەرچەکرداری کەبوودوەند بە مانگرتن لە خواردنی لێکەوتەوە، پەرچەکردارێک کە دەنگدانەوەی جیهانیی هەبوو.    

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە