هێزە بەسیجییەکانی رێژیمی ئێران تازەلاوێکی کوردیان دەستبەسەر کرد

٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٧:١٢
هەنگاو: هێزەکانی سەر بە بەسیجی سوپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد. بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی رەزبەر  دوو کەس لە هێزەکانی بەسیجی سوپای پاسداران، تازەلاوێکی تەمەن 18 ساڵی کوردیان لە شاری بۆکان دەستبەسەر کردووە. شوناسی ئەم لاوە کوردە لەلایەن ماڵپەڕی "مرۆڤایەتی"، سمکۆ سەرایی، کوڕی تەها ڕاگەیەندراوە و بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پاش دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و تاوەکوو ئێستاش هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسی لەبەردەستدا نییە. شایەتحاڵان لەم بارەوە گوتوویانە کە ئەم تازەلاوە کوردە لەکاتێکدا لەسەر دیوار سەرقاڵی نووسینی دروشم لەدژی ڕێژیمی ئێران بووە، لەلایەن دوو کەس لە هێزەکانی بەسیجەوە گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئاماری دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە و به‌رده‌وام بەرەو هەڵکشان دەڕوات.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە