پشتڕاست کردنەوەی سزای ٥٩ ساڵ زیندان بۆ ٥ هاووڵاتیی شنۆیی

٢ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ١٩:٣٢
هەنگاو: سزای زیندانیی پێنج‌ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ دوای نزیک بە یەک مانگ وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی هەنگاو، سزای زیندانیی پێنج هاووڵاتیی کورد کە ٢٩ی خەرمانانی ئەمساڵ دیاریكرابوو و ٨ی رەزبەر پێیان راگەیندرابوو، پاش ٢٠ رۆژ وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. هەواڵنێری "هەنگاو" لەشاری شنۆ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە گوتی:" ئەو حوکمانەی یەک مانگ پێش لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شاری شنۆوە راگەیندراوبوون، وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەو کەسانە لە چەندین حاڵەتی جیاجیا و بە دۆسییەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە دەیان ساڵ زیندان سزا دراون. تۆمەتی وەپاڵدراو بەو کەسانە، "ئەندامەتی و لایەنگری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی رێژیمی ئێران" راگەیندراوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی دادگا کە دەست ماڵپەڕی هەنگاو کەوتووە؛ ١_  سابیر رەسووڵپوور ئارنایی کوڕی ئیسماعیل لە چوار حاڵەتدا سەرجەم بە ١٩ ساڵ زیندان سزا دراوە. ٢_  ڕەزا عێزەت‌تاج کوڕی مستەفا لە چوار حاڵەتدا سەرجەم بە ١٩ ساڵ زیندان سزا دراوە. ٣_  محەممەد عەبدوڵڵایی کوڕی عوسمان لە چوار حاڵەتدا سەرجەم بە ١٢ ساڵ زیندان سزا دراوە. ٤_ فارووق شەفاهی کوڕی ئیبراهیم لە دوو حاڵەتدا سەرجەم بە ٧ ساڵ زیندان سزا دراوە. ٥_  وەلی شەریفی کوڕی ڕەحیم لە یەک حاڵەتدا بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و لە باقی تۆمەتەکانی، بێبەری کرا. ئەم ٥ هاووڵاتییە ٢٠ رۆژ مۆڵەتیان هەبوو کە به‌رامبه‌ر بڕیاری دادگا ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن، بەڵام هەوڵەکانی ئەوان بۆ گۆڕینی بڕیاری دادگا بێ ئاکام مایه‌وه‌.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە