‌پەروەندەسازیی نوێ بۆ بەندکراوێکی سیاسیی کورد

٣ خەزەڵوەر ٢٧١٦، ٠٢:٠٧
هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد دوای 9ساڵ ڕاگیران لە بەندیخانە، ئەو تۆمەتە نوێیانەی کە لەپەروەندەیەکی نوێ خراوەتە پاڵی بە بێ بنەما دەزانێ و رەتی دەکاتەوە. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری مافی مرۆڤیی هه‌نگاو، ئەحمەد تەمۆیی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس، دوای تێپەڕبوونی ٩ ساڵ لە سزای بەندکرانی، دیسان رێژیمی ئێران بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە دژی رێژیم" پەروەندەی نوێیی بۆ دروست کردوەتەوە. هەواڵنێری هەنگاو لە شاری سەڵماس رایگەیاندوە کە ئەحمەد تەمۆیی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٣ جار لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ئورمیه‌وه‌ بە تۆمه‌تی پرۆپاگەندە دژی رێژیم بانگێشتی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەی لێ كراوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە، ٩ ساڵ لە ماوەی حوکمی ١٥ ساڵی بەندکرانی لە بەندیخانەدا تێپەر کردووە و ئەم تۆمەتە نوێیەی رێژیمی ئێرانی بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ نەکردووە. ئەحمەد تەمۆیی لە ساڵی  ١٣٨٦ی هەتاوی بە تاوانی"ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران" لە شاری مەهاباد سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوور خرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیەی بەسەردا سەپا. ناوبراو تا ئێستا چەندینجار لە بەندیخانەدا مانی لە خواردن گرتووە و لە مانگرتنی گشتیی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانەی ئورمیە بەهۆی دۆخی نالەباری بەندکراوانی سیاسیشدا بەشدار بوو. ئەحمەد تەمۆیی، پێشتر لەسەر خراپیی بارودۆخی بەندکراوەکان و هەروەها شێوازەی دڕندەی لێکۆڵینەوە لە بەندکراوە سیاسییەکان ،نامەیەکی تایبەتی بۆ "ئەحمەد شەهید" ڕاپۆرتێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردبوو.  

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە